ئەنجوومەنی باڵا داوا لە وەزیرانی دەکات دەستلەکاربکشێننەوە
فراکسیۆنی مواتن لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "لە ژێر رۆشنایی رێنەماییەکانی مەرجەعییەتی باڵای ئایینیی کە لە نوێژی هەینی رایگەیاند، رایدەگەیەنین کە پابەندی ئەو رێنەماییانە دەبین و جەختیش دەکەینەوە لەسەر پێویستی ئەوەی ئەم رێنەماییانە ببنە پەیڕەوی کاری حکومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان".
فراکسیۆنی مواتن دەشڵێ "پێویستە هەوڵەکان کۆبکرێنەوە بۆ رووبەڕووبونەوە و راگرتنی گەندەڵی کە لە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی نەبینراو تەشەنەی کردووە".
فراکسیۆنی مواتن کە خاوەنی زیاتر لە سی کورسی پەرلەمانە، داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد "سەرچاوەکانی گەندەڵی ئاشکرا بکات و گەندەڵکاران و بەفیڕۆدەرانی سامانی گشتی سەر بە هەر لایەنێک بن رەوانەی دادگا بکات".
فراکسیۆنەکە هەروەها جەختی لە پێویستی بوونی بەرنامەیەکی چاکسازی روون کرد کە "چارەکان بدۆزێتەوە و دادپەروەری بەدیبێنێ" و داواشی کرد "وەزیرانی خۆی لە نێو حکومەت و وەزیرانی دیکەی حکومەتی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەشی سەرۆک وەزیران بکەن وەک دەستپێشخەرییەک بۆ پاڵپشتیکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی".
ئەمە لەکاتێکدایە فراکسیۆنی مواتن خاوەنی سێ وەزیرە لە حکومەتی عێراق کە بریتین لە وەزیرانی نەوت و گواستنەوە و وەرزش و لاوان.
ماوەیەکە خۆپێشاندان لە عێراقدا لە دژی کەمی خزمەتگوزاریی و گەندەڵی بەرپرسان بەغدا و بەشێک لە پارێزگاکانی باشووری عێراقی گرتووەتەوە و دوێنێ هەینی ٧ی ئاب، بووە دووم هەینی لەسەریەک، کە تێیدا خۆپیشاندانی گەورە لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی باشووری عێراق بەڕێوەچوون.
گەورەترین داواکاری هاونیشتیمانیان نەبوونی کارەبا بوو و داوایان دەکرد کێشە بەردەوامە ٢٤ساڵییەکەی نەبوونی کارەبا چارەسەر بکرێت و، گەندڵیی حکومی و ئیداریش نەمێنێت، هەروەها داوایان دەکرد بەرپرسە گەندەڵەکان دادگایی بکرێن.
رووداو
