نووری داوا لە حەیدەر عەبادی دەکات پەلە بکات لە راستکردنەوەی رەوشەکە و لە گەندەڵکارانی سیاسی و دارایی بدات

نووری داوا لە حەیدەر عەبادی  دەکات پەلە بکات لە راستکردنەوەی رەوشەکە و لە گەندەڵکارانی سیاسی و دارایی بدات
نووری مالیکی، داوا لە حەیدەر عەبادی دەکات پەلە بکات لە راستکردنەوەی رەوشەکە و لە گەندەڵکارانی سیاسی و دارایی بدات و لەهەمانکاتیشدا ستایشی هەڵوێستی مەرجەعییەت دەکات.

نووری مالیکی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق، ستایشی هەڵوێستەکانی مەرجییەعییەت دەکات و بە نەبەردانە وەسفی دەکا ، بەهۆی پاڵشتیکردن لە پرۆسەی سیاسی و پێدانی رێنمایی بە حکومەت و هێزە سیاسییەکان، ئەمەش بە "دەرفەتێکی بایەخدار" دەزانێت بۆ چاکسازیکردن لە رێڕەوی پرۆسەی سیاسی.

نووری مالیکی هاوکات سەرۆکی دەوڵەتی یاسایە، داوا لە حکومەت و حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، پەلە بکات لە راستکردنەوەی رەوشەکە و لە گەندەڵکارانی سیاسی و دارایی بدات.

نوری مالیکی لە بەیاننامەیەکدا هاوکات داوا لە سەرجەم هاوبەشە سیاسییەکان دەکات ، بە "راستگۆیانە و جدی لەپاڵ حکومەت و سەرۆکەکەی بن، بەمەستی بەدەستهێنانی ئامانجەکان".

لە گوتاری ئایینی رۆژی هەینی 7/8/2015، عەبدولمەهدی كەربەلائی، نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق كە لە مەزارگەی حوسێنی كوڕی عەلی ئەبی تالیب لە كەربەلا پێشكەشیكرد، داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد ئازایانەتر و بوێرانەتر هەنگاوەكانی چاكسازی بگرێتەبەر، هاوكات داوایلێكرد بە دەستێكی پۆڵایین لە هەموو ئەو كەسانە بدات، كە داهاتی میللـەت دەدزن.

لەبەرامبەردا عەبادی بەڵێنیدا پلانێكی تێروتەسەلی چاكسازی رابگەیێنێت و كاریش لەسەر جێبەجێكردنی بكات. نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە عەبادی بەڵێنیداوە بە تەواوی پابەندبێت بە رێنماییەكانی مەرجەعی باڵا، ئەویش بە دانانی پلانێكی تێروتەسەلی چاكسازی و كاركردن لەسەر جێبەجێكردنی، هاوكات داواشی لە لایەنە سیاسییەكان كردووە هاوكاری بكەن لە جێبەجێكردنی بەرنامەی چاكسازی.

دوێنێ هەینی ٧ی ئاب، بووە دووم هەینی لەسەریەک، کە تێیدا خۆپیشاندانی گەورە لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی باشووری عێراق بەڕێوەچوون لە دژی گەندەڵی و نەبوونی کارەبا لەم وەرزە گەرمەی هاویندا.

گەورەترین داواکاری هاونیشتیمانیان نەبوونی کارەبا بوو و داوایان دەکرد کێشە بەردەوامە ٢٤ساڵییەکەی نەبوونی کارەبا چارەسەر بکرێت و گەندڵی حکومی و ئیداریش نەمێنێت، هەروەها داوایان دەکرد بەرپرسە گەندەڵەکان دادگایی بکرێن.











رووداو
Top