عێراق.. دەسەڵاتی 6 وەزارەت بە پارێزگاکان دەدرێن
ساڵح موتڵەگ، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ئەم پرسە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا پشتگیری خۆی بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ پارێزگاکان دەبڕی و رایگەیاند:"من لەگەڵ پێدانی دەسەڵاتەکانم بە پارێزگاکان، بەڵام لە کاتی خۆی و ئەو کاتەی پارێزگاکان ئامادە دەبن بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتەکان".
موتڵەگ جەختیشی کرد لەوەی کە پشتگیری لە فیدراڵی دەکات، بەڵام "ئەوکاتەی پارێزگایەک ناسەقامگیر دەبێ و توانای پێویستی نییە و دەسەڵاتی پێدەدرێ، ، ئەوا پرسەکە بە خراپ بەسەر دانیشتوانی پارێزگاکە دەشکێتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی یاسای هەموارکراوی ژمارە 21 ی پارێزگاکانی عێراق کە بەشێک نین لە هەرێمەکان، دەبێ دەسەڵاتی وەزارەتەکانی (تەندروستی، شارەوانییەکان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پەروەردە، دارایی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پلاندانان، وەرزش و لاوان) بۆ حکومەتی خۆجێی پارێزگاکان بگوازرێنەوە.
رۆژی شەممەی رابردووش لە کۆبوونەوەی هەماهەنگی پارێزگاکانی عێراق کە بەشێک نین لە هەرێمەکان کە بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەشداری هەشت وەزیر و 15 پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا لە بەغدا گرێدرا، پرسی گواستنەوەی دەسەڵاتی وەزارەتەکان تاوتوێ کرا.
لە کۆبوونەوەکە بەشداربوان رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە دەسەڵاتی شەش وەزارەت بۆ پارێزگاکان بگوازرێنەوە و دەسەڵاتی وەزارەتەکانی دارایی و تەندروستی دوای شەش مانگی دیکە بۆ پارێزگاکان بگوازرێنەوە.
رووداو
