ئەنبار.. لە ماوەی شەڕی داعش 1500 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە

ئەنبار.. لە ماوەی شەڕی داعش 1500 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە
بەهۆی شەڕی داعش لە ئەنبار زیاتر لە 1500 قوتابخانەی ئەو پارێزگایە تێکدراون، یان زیانیان بەرکەوتووە.

عید عەماش، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە دژی داعش لە ساڵی 2014 زیاتر لە 1500 قوتابخانەی ئەو پارێزگایە بەتەواوەتی یاخود بەشێکیان زیانیان بەرکەوتووە و تێکدراون.

عەماش هەروەها رایگەیاند "بەشێکی زۆری ئەم قوتابخانانە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن چەکدارانی داعش کراونەتە ئامانج و تێکدراون".

عەماش لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد "بەشێکیش لەو قوتابخانانە لەلایەن داعش وەکو بنکە و بارەگا بەکارهێنراون" . بۆیە ئەم قوتابخانانە بەدەستی هێزەکانی عێراق و هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانییەتی دژ بە داعش کراونەتە ئامانج.

ئێستا هێزەکانی عێراق، بە هاوکاری هێزی هاوپەیمانییەتی دژ بە داعش، لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی سەرجەم ناوچەکانی ئەو پارێزگایەن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئەنباریش دەڵێت، دوای ئەوەی ئەو ناوچەیە بەتەواوەتی کۆنترۆڵکرایەوە، بودجەیەکی زۆر و بەلایەنی کەم دوو ساڵ و نیوی دەوێت بۆ دووبارە بنیادنانەوە و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان.

ئەم لێدوانانەی گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، لە کاتێکدایە، کە پێشتر نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکیدا لە بارەی رەوشی خوێندن لە عێراق، بڵاویکردبووەوە کە سەدا 70ی منداڵانی ئاوارەبوو لە عێراق لە پرۆسەی پەروەردە و فێربوون بێبەشن.
















رووداو
Top