عەمار حەکیم پاڵێوراوێکی مالیکی رەتدەکاتەوە

عەمار حەکیم پاڵێوراوێکی مالیکی رەتدەکاتەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، پاڵێوراوێکی لیستی دەوڵەتی قانوون بۆ سەرۆکایەتی هاوپەیمانیی شیعەکان رەتدەکاتەوە.

بەلیغ ئەبو کەلەل، گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە، کە ”ناوەکان زۆر گرنگ نین بۆ ئێمە، بەڵکو راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ئێمە و لیستەکەی موقتەدا سەدر لەلایەک و لیستی دەوڵەتی یاسا و ئەوانەی لەگەڵیدان لەلایەک، گرنگە“.

بەلیغ ئەبو کەلەل هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، عەلی ئەدیب، پاڵێوراوی لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی رەتدەکاتەوە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لیستی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، کە خۆیان یەکلایی کردووەتەوە و عەلی ئەدیب، یەکێک لە سەرکردەکانی لیستەکەی دادەنێت بۆ سەرۆکایەتیکردنی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەکان، بۆ شوێنگرتنەوەی ئیبراهیم جەعفەری، بەهۆی ئەوەی ئەو پۆستی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی وەرگرتووە.














باسنيوز
Top