پەرلەمانی عێراق: پڕۆژەی قەرزی ژاپۆن هەموو پارێزگاكان دەگرێتەوە
هومام حەممودی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "زۆر گرینگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان بەوڵاتی ژاپۆنیشەوە بەپێی رێژەی ئاوارەكان هاوكاری عێراق بكەن".
هەروەها حەممودی پشتگیری تەواوی خۆی بۆ پڕۆژەی قەرزی ژاپۆن نیشاندا كە كەرتی كارەبا، ئاو و ئاوەڕۆكان دەگرێتەوە، بە شێوەیەك هاوسەنگی سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بپارێزرێت، جەختیشی لەسەر گرنگی كاراكردنی لێژنەی هاوڕێیەتی نێوان پەرلەمانی عێراق و ژاپۆن كردەوە، لەگەڵ چۆنییەتی ئامادەبوونی مامۆستاو پسپۆڕانی ژاپۆن بۆ عێراق بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونە نێودەوڵەتییەكان لە سەرجەم بوارەكاندا".
لای خۆیەوە كینسوكی ناگوكا، هەڵسوڕێنەری كاروباری ژاپۆن لە عێراق شیكردنەوەیەكی تێروتەسەلی لەبارەی قەرزەكانى ژاپۆن و كارەكانی ئاژانسی جایكا و رۆڵی لە ئەنجامدانی خول و سیمینارەكان پێشكەشكرد.
پێشتر حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو کە بڕی 735 ملیۆن دۆلار لە ژاپۆن قەرزدەکات و هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراقیش رایگەیاندبوو "بەشی یەکەمی قەرزەکە، بڕی 450 ملیۆن دۆلارە بۆ پڕۆژەکانی چاکسازی کارەبا لە ناوەڕاست و باشووری عێراق تەرخان دەکرێت و قەرزەکەش لە ماوەی 20 ساڵدا دەدرێتەوە".
رووداو
