فەرماندەی سوپای بەدر لە عێراق كوژرا

فەرماندەی سوپای بەدر لە عێراق كوژرا
دوێنێ سێشەممە 21 ـ 7 ـ 2015 “ئەبوومەنزەر ئەلحەمداوی” فەرماندەی سوپای بەدر لە شەڕ لەگەڵ چەكدارانی داعش لە شاری فەلووجە كوژراوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فارسی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران، بەم بۆنەوە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلقی قودس پەیامێكی سەرەخۆشیی ئاراستە عەلی خامنەیی رێبەربی كۆماری ئیسلامیی ئێران كردووە.

بەپێی هەمان سەرچاوە رێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی فەرماندەی سوپای بەدر لە یەكێك لە مزگەوتەكانی شاری تاران بە ئامادەبوونی فەرماندەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بەڕێوە چووە.

سوپای بەدر ساڵی 1982 و لە سەرەتای شەڕی ئێران و عێراق و لە شاری تاران و لەلایەن “مەحموود هاشمی شاهروودی”ییەوە دامەزراوە و بەتەواوەتی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی هەمەلایەنەی كراوە و پاش 30 مانگ بەرپرسیارێتیی سپێردرایەوە “محەمەد باقر حەكیم”.

سوپای بەدەر پاش رووخانی حكوومەتی سەدام حوسێن گەڕایەوە عێراق و ئێستەش یەكێك لە گرووپە چەكدارە شیعە میلیشیاكانی عێراقە كە لەگەڵ داعش شەڕ دەكات.



















باسنيوز
Top