هادی ئەلعامری: حەشدی شەعبی ئامادەیە بۆ چوونە نێو فەللوجە

 هادی ئەلعامری: حەشدی شەعبی ئامادەیە بۆ چوونە نێو فەللوجە
هادی عامری، سەرپەرشتیاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شیعە لە عێراق، رایگەیاند هێزێکی گەورەی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری شارۆچکەی فەللوجە کۆبوونەتەوە و ئامادەن بۆ چوونە نێو شارۆچکەکە.

هادی عامری کە هاوکات سکرتێری گشتی رێکخراوی بەدری شیعەیە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا راشیگەیاند: "هێزێکی گەورەی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری شارۆچکەی فەللوجە کۆبوونەتەوە و ئامادەن بۆ چوونە نێو ناوچەکانی شارۆچکەکە بۆ رزگارکردنیان لە بندەستی داعش کە بە تەواوی دەستی بەسەر شارەکەدا گرتووە".

هادی عامری گوتیشی: "هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباریان کاراتر کرد بۆ گەمارۆدانی شاری رومادی لە چەند قۆڵێکەوە بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ چوونە نێو فەللوجە و رزگارکردنی تەواوی لە بندەستی گرووپی داعش".

سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی هاوکات داوای لە پارێزگای بەسرە کرد "پشتگیری لە رۆڵەکانی بکات لە نێو ریزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی لە ناوچە گەرمەکانی شەڕ بجەنگن و عێراق لە دەستی تیرۆر رزگار بکەن، چونکە شەڕەکە گەورەیە و بەهێزە و پێویستی بە یەکریزی هەموو پارێزگاکان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆری بێ ئایین".

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی بەرپرسانی پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق نزیکەی 85% ی رووبەری خاکی پارێزگاکە بە شاری روومادی ناوەندی ئەنبارەوە لە بندەستی داعشدایە.















رووداو
Top