هادى عامری: دەبێت ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی بەنی سەعد لەهەمان شوێن بکوژرێنەوە
عامری داوای خێرا پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دەکات، بۆ ئەوەی سەردانی شارەدێی بەنی سەعد بکەن و" بەرچاویان روونبێت لەقەبارەی ئەو زەرەرو زیانە گیانی و ماددییەی بەر دانیشتوانی شارەدێیەکە کەوتووە،حکومەتیش هەوڵ بدات قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە".
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر رەخنەی تووند لە بەرپرسانی عێراقی دەگرێت بەهۆ ئەوەی" تا ئێستا بەیاننامەیەکیان بۆ ئیدانەکردنی ئەو رووداو دەرنەکردووە".
عامری گوتی "نازانم بەرپرسانی عێراقی لەکوێ نووستوون، لەکاتێکدا سەرۆکی رووسیا و سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی بەیاننامە بۆ ئیدانەکردنی ئەو رووداوە دەردەکەن".
عامری، دواش دەکات ئەنجامدەرانی رووداوەکەی شارەدێی بەنی سەعد" لە رێگەی دادگاکانەوەو لەهەمان شوێنی رووداوەکە گولـلەباران بکرێنەوە، بۆ ئەوەی ببێتە دەرسێک بۆ ئەو کەسانەی ئەم جۆرە تاوانانە ئەنجام دەدەن، ئەگەر وایان لێنەکرێتەوە ئەوا رووداوی دیکەش لەو ناوچەیە دووبارە دەبێتەوە".
ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، ئاماژە بەوە دەدات "بە ئامانجکردنی ئەو ناوچەیە بۆ نانەوەی فیتنە بووە لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق"، جەختیشدەکاتەوە:" ئێمە یەک دووژمنمان هەیە، ئەویش تیرۆرە، تیرۆر دوژمنی گەلی عێراقییە بە سوننە و شیعەوە".
هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی "ناوچە سوننییەکان بێبەرین لە داعش، بێبەریشن لە قاعیدە و تاوانباران، بۆیە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە تەنیا بۆ ئەوەیە یەکێتییەکەمان لەنێوببەن، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەمجۆرە کردەوانە وامان لێدەکات گیانی برایەتیمان قوڵ ببێتەوە".
ئێوارەی رۆژی هەینی یەكەم رۆژی جەژن، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شارەدێی خان بەنی سەعد، لە باشووری رۆژئاوای بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە تەقییەوە.
تەقینەوەکە لە بازاڕێکی میللی قەرەباڵخ روویدا کە بەهۆیەوە 120 كوژراو و 140 کەس بریندار بوون، دواتر داعش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر بەرپرسیارییەتی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوەشدا كە " ئەو ئۆتۆمبێلەی بۆ تەقینەوەکە بەکارهاتووە بە سێ تەنTNT بۆمبڕێژکرابوو".
شانەی راگەیاندنی جەنگ لە زاری محەممەد سالم ئەلغەبان، وەزیری ناوخۆی عێراق رۆژی یەکشەممە 19-7-2015 رایگەیاند:" تۆمەتبارانی تەقینەوەکەی شارەدێی خان بەنی سەعد دەستگیرکراون".
وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند:" ئەو چەکدارانەی لە رۆژی هەینی لە پارێزگای دیالە تەقینەوەیان ئەنجامدا دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیان بەردەوامە و دواتر رەوانەی دادگا دەکرێن، بۆ ئەوەی تووندترین سزایان بەسەردا بسەپێندرێت''.
رووداو
