دەوڵەتی یاسا: ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا تەكنيكين نەک سیاسی

دەوڵەتی یاسا: ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا تەكنيكين نەک سیاسی
ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ناكۆكی تەکنیکی دادەنێن و بەگوتەی خۆیان دوای جەژن دەست بە دانوستاندن لەگەڵ هەولێر دەکەنەوە.

عەباس بەیاتی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی " ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێمی كوردستان ناكۆكی تەكنیكین و ناكۆكی سیاسی نین وەك هەندێك كەس و لایەن باسی لێوە دەكەن، ئەو ناكۆكیانەش لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەردەكرێن".

بەیاتی گوتیشی "بە ئامانجی چارەسەركردنیان دوای كۆتاییهاتنی پشووی جەژنی رەمەزانی پیرۆز هەولێرو بەغدا خولێكی دیكەی دانوستاندنەكان دەستپێدەكەنەوە، چونكە مانەوەی كێشەی نەوت بەو شێوەیەی ئێستای لە قازانجی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستاندا نییە".

16-7-2015 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی کردوو لەکۆبوونەوەکەدا بارودۆخی دارایی و ئابووری عێراق تاوتوێکرا، سەرەڕای باسكردنی بڕی نەوتی رادەستکراوی هەرێمی کوردستان بۆ سۆمۆ و بڕی پارەی شایستەی هەرێمی کوردستان.

رۆژی 2-ی کانوونی یەکەمی 2014، هەولێر و بەغدا رێککەوتنێکیان واژۆکرد، بەپێی رێککەوتنەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەکێڵگە نەوتييەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، 300 هەزار بەرمیل نەوتیش لە کێڵگەکانی کەرکووک رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق مانگانە بڕی 17% بودجەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.


























رووداو
Top