"ئه‌وخاڵه‌ ڕەشەی بە نێوچەوانی حكوومەتەكەی 'عەبادی'ـیەوەیه‌"

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد هەمیشە هەرێمی كوردستان هەوڵی داوە ئابوورییەکەی سەربەخۆ بکات، زۆربەی کارەکانیشی سەری گرتووە؛ جا بەغدا ژیرانە بجووڵێتەوە یان نا، هەرێم خۆی ئامادە کردووە.

به ‌گوێره‌ی قسەی زۆربەی سیاسەستکۆڵانی ناوخۆ و جیهانیش، هه‌رێمی كوردستان تازە لە ڕێی سه‌ربه‌خۆییی ئابووری ناکشێتەوە؛ هه‌روه‌ك ڕۆژنامه‌ جیهانییه‌كانیش ئاماژه‌یان داوه‌ كه‌ ئیدی هه‌رێم بڕیاری خۆی داوه‌؛ له‌وانه‌ ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی‌سه‌باح نووسیویه‌تی هه‌رێم هه‌نگاوی سەربەخۆ فرۆشتنی نه‌وتی ناوە و لێی پاشگه‌ز نابێته‌وه‌، هەر ئەوەندە ماوە بزانرێت به‌غدا چ دەکات؟‌ حاكم (سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەرێمی كوردستان لەمێژە ڕێگای سەربەخۆییی ئابووریی گرتووەتە بەر؛ بەو بۆنەوە پەیوەندیی بە چەند كۆمپانیا و دەوڵەتێکەوە كردووە بۆ ئەوەی هەرێم بۆ خۆی نەوتەكەی خۆی بفرۆشێت. ئێستایش هەرێمی كوردستان خۆی ئامادە کردووە و، ئیتر بەغدایش کەیفی خۆیەتی با هەر ملەیە سەختە بیگرێتە بەر؛ ئەگەربێتو بەغدا هەڵبگژێت بە هەرێمدا، هەرێمیش خۆ دەستەوسان نییە و، لێی بێدەنگ نابێت."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاند: " زۆر یاسایی و ئاساییشە کە هەرێم بە خۆی نەوتی خۆی دەفرۆشێت، چونكە حكوومەتی عێراق ئەوە شەش مانگە یاسا پەسەندکراوەکەی بوودجەی عێراق، پێشل دەکات و پارەی هەرێم دەخوا، ئەمە بۆ خۆی خاڵێكی ڕەشە بە نێوچەوانی حكوومەتەكەی 'عەبادی'ـیەوە. من بۆ خۆم لە كۆبوونەوە لە وەزیری نەوتی عێراقم پرسی كە ئاخۆ هەرێم پابەندی ڕێكەوتنەكە بووە؟ گوتی بەڵێ هەرێم قسووری نەکردووە؛ ئەی ئەوە قسەی خۆیان بێ، ئیتر ئەم بەزمە چییە؟"

(سلێڤانەیی) دەیشڵێت: "بەغدا هەوڵی دا هەرێم توشی قەیرانی زۆر گەورە بكات؛ هەرێمی كوردستانیش لە سەریەتی مووچەی فەرمانبەران و، بوودجەی وەبەرهێنان و، قەیرانەكانی دی چارە بكات و، هەنگاوی زۆر باشیشی ناوە و، توانیویەتی بەشێكی باش لە كێشەكان چارە بكات؛ هەرێم زۆر ژیرانە هەنگاوی بەرەو سەربەخۆییی ئابووری ناوە."
Top