110 پسپۆڕی ئیتاڵی مەشق بەهێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكەن

 110 پسپۆڕی ئیتاڵی مەشق بەهێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكەن
بەئامانجی مەشقپێكردن و بەهێزكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە شەڕی دژی داعش، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: " پاییزی داهاتوو 110 پسپۆڕی سەربازیی ئیتاڵی دەگەنە عێراق".

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ ماركۆ كارنیلۆس، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە بەغدا، محەمەد سالم غەبان، وەزیری ناوخۆی عێراق باسیان لە هاوكارییەكانی نێوان عێراق و ئیتاڵیا كرد، بەتایبەتی لە رووی ئەمنی و بەهێزكردنی هەوڵەكانی ئیتاڵیا لە بواری مەشقپێكردنی پۆلیسی عێراق".

راهێنەران، مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەكان دەكەن و بەپێی بەیاننامەكە " كار كراوە بۆ پێشوازیكردنی راهێنەرەكان"، بەبێ ئەوەی كاتی هاتنیان رابگەیەنێت. بەیاننامەكەی وەزارەتی ناوخۆ تەنانەت ژمارەی پسپۆڕە ئیتاڵیەكانیشی رانەگەیاندوە.

لە چوارچێوەی هاوپەیمانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو، وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "حكومەتی ئیتاڵیا 200 راوێژكاری سەربازی رەوانەی هەولێر كردوە، سەرەڕای رەوانەكردنی 3 فڕۆكەی چاودێری".










































رووداو
Top