بەهۆی بۆردوومانی هەڕەمەكی تۆپخانە و فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق لە فەللوجە 161 كەس بوونەتە قوربانی
ئەحمەد شامی سەرۆكی پزیشكانی نەخۆشخانەی فێركاری فەللـوجە راگەیاند: لە ئەنجامی بۆردوومانكردنی هەڕەمەكی شارۆچكەی فەللـوجە لەلایەن تۆپخانە و فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراقەوە، لەسەرەتای مانگی رەمەزان تاوەكو ئەمڕۆ 71 كەس كوژراون و 90 كەسیش برینداربوونە".
شامی گوتیشی "بەهۆی بۆردومانكردنی شارۆچكەكە بە بەرمیلی تەقێنەر، برينى زۆربەی بریندارەكان سەخت و مەترسیدارن، هاوكات بەهۆی كەمی ژمارەی كارمەندانی تەندروستی و کەمی دەرمان، زۆربەی بریندارەكان دەمرن".
سەرۆكی پزیشكانی نەخۆشخانەی فەللـوجە وەزارەتی تەندروستی عێراق، فەرمانگەی تەندروستی ئەنبار، رێكخراوی پزیشكانی بێسنوورو رێكخراوەكانی فریاگوزاری بە كەمتەرخەم تۆمەتبار دەکات لە پێشكەشنەكردنی هاوكاریی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەی فەللـوجە كە بەدەست" كەمی كارمەند و پزیشكی پسپۆڕ و پێداویستیی پزیشكییەوە دەناڵێنێ".
ماوەی دوو ساڵە حكومەتی عێراق بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنەوەی فەللوجە کە ئێستا لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدایە، گەمارۆی ئەو شارۆچکەیەی داوەو بەردەوامیش بە تۆپی قورس، موشەكی كاتیوشا، هاون و بەرمیلی تەقێنەر بۆردومانی دەكات، بەهۆیەشەوە ژمارەیەك خەڵكی سڤیل دەكوژرێن و برینداردەبن.
رووداو
