فەریق روکن بابەکر زێباری : بڕیارى خانەنیشکردنم لەلایەن بەرێز عەبادییەوە نەبووە، بەڵکو لەسەر داوای منبووە
بابەکر زێباری، سەرباری بڕیاری خانەنیشکردنەکەی لەلایەن عەبادییەوە، هێشتا لە بەغدایە و راگەیاند : ئەم بڕیارە لەلایەن بەرێز عەبادییەوە نەبووە، بەڵکو لەسەر داوای منبووە، و لەمانگی 10ی 2014 ئەو داوایەم پێشکەشکردبوو".
سوپاسالاری خانەنشینکراو زانیاری زیاتر لەسەر بڕیاری خانەنشیکردنی خۆی ئاشکرادەکات، "چوارەم جاربوو داوامکردبوو، بەڵام هەموو جار لەسەر داوای بەرێز سەرۆک پاشەکشەمدەکرد". بەڵام "ئەمجارە سەرۆک بارزانیش رازیبوو، چونکە گوتم ئەگەر بڕیارەکەش جێبەجێنەکرێ ئەوا من هەر تەواو وچیدیکە ناتوانم لەو پۆستەدا کاربکەم، چونکە ماندووبووم".
رۆژی 12-11-2014 حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لە بڕیارێكدا 26 فەرماندەی سەربازی دوورخستنەوە و 10 فەرماندەی دیكەشی خانەنشینكردن.
هەر بەپێی ئەو بڕیارە عەبادی 18 فەرماندەی دیكەی نوێی لە وەزارەتی بەرگری دامەزران، یەكێك لەو فەرماندانەی گۆڕابوو فەریقی یەكەم بابەكر زێباری، سوپاسالاری عێراق بوو. بەڵام دواتر ناوی بابەکر زێباری لەو لیستە دەرهێنرا، بۆ ئەوەی وا لێکنەدرێتەوە کە کەمترخەمبووە لەکارەکانی و لەگەڵ ئەوانەی کەمترخەم بوونە لە ریزی سوپای عێراقدا لە کارەکانی دووربخەنەوە.
بابەکر بەدرخان شەوکەت زێباری، لە ساڵی 2003 ەوە دوای رووخانی حکومەتەکەی سەددام حوسێن، لەسەر پشکی کورد و لەنێو کوردیش لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بە سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق.
رووداو
