هەفتەی داهاتوو ئێران، عێراق و سووریا لە بەغدا كۆدەبنەوە

 هەفتەی داهاتوو ئێران، عێراق و سووریا لە بەغدا كۆدەبنەوە
راوێژکاری رێبەری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو پەرەسەندنی گەورە لە پەیوەندییەکانی نێوان سووریا، عێراق و ئێران روودەدات، پێشیوایە سووریا بەسەر نەیارەکانیدا سەردەکەوێت.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران رۆژی سێشەممە 23 ی حوزەیرانی 2015، لە کاتی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ محەممەد شەعار، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند " هەفتەی داهاتوو پەرەسەندنی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق، ئێران و سووریا دەبینن".

بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە شاری بەغدا، بەرپرسانی عێراق، سووریا و ئێران لەبارەی پتەوكردنی لێكتێگەیشتنی هەر سێ وڵات بۆ دژایەتیكردنی تیرۆر و رێكخراوی داعش كۆببنەوە. لە كۆبوونەوەكەدا میكانیزمێكی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دادەنرێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە سووریا، ویلایەتی جەختیکردەوە كە ئێران پشتگیری لە سووریا دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. گوتیشی" تیرۆر و ئەوانی پاڵپشتی لە تیرۆر دژ بە سووریا دەکەن، هیچ کاتێک ئەو ئامانجەیان نایەتەدی، هەرچەند تیرۆر و هەوڵەکانیان لەو وڵاتە زیاتر بکەن".

بەگوتەی ویلایەتی، سووریا و هاوپەیمانەکانی بە خۆڕاگری و ئازایەتی سەرکردەکانی و گەلی سووریا هەرەس بە پلانگێڕی دەهێنن و سەردەکەون". ئاماژەی بەوەشدا، ئەو وڵاتانەی هاوکاری تیرۆر دەکەن، رۆژێکدێت تیرۆر بە کاریگەرییە خراپەکانییەوە بەرەو روویان هەڵدەگەڕێتەوە.

لەسەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییە نێوخۆییەکانی سووریاوە، ئێران یەکێک لە سەرسەخترین هاوپەیمانەکانی سووریایە، لە ماوەی 4 ساڵی رابردووشدا لە رووی سەربازیی و داراییەوە پشتگیری بەشار ئەسەد و حکومەتەکەی دەکات.








رووداو
Top