داودئۆغڵو: ئەمریکا لە بارەی مالیکی و تاڵەبانی هەڵەی کرد
بەپێی بەڵگەنامەیەکی ویکیلیکس، کە برووسکەیەکی وەزارەتی دەرەوەی سعودیەیە و لایەنی وەرگر ئاماژەی بۆ نەکراوە، ئەحمەد داودئۆغڵو، وەزیری پێشووتری دەرەوەی تورکیا پێیوابووە ئەمریکا هەڵەی کردووە بە پاڵپشتیکردنی نووری مالیکی بۆ دووبارە بوونەوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، چونکە مالیکی پاڵپشتیی سیاسەتەکانی ئێران لە عێراق دەکات.
ئەحمەد داودئۆغڵو هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەمریکا لە پشتگیریکردنی جەلال تاڵەبانی بۆ دووبارە بوونەوە بە سەرۆک کۆمار هەڵەی کردووە و داودئۆغڵو پێیوابووە “تاڵەبانی وەک کاندیدی ئێرانە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق”.
هەر بە گوێرەی هەمان بەڵگەنامە، داودئۆغڵو رایگەیاندبوو، کە تورکیا دەیەوێت حکومەتێک بە بەشداریی هەموو لایەنە عێراقییەکان پێکبێت.
رۆژی هەینی 19ـی حوزەیرانی 2015، ماڵپەڕی ویکیلیکس، بڕیاری بڵاوکردنەوەی نزیکەی 500 هەزار دۆکیومێنت و نامەی نهێنیی دەزگای هەواڵگریی سعودیەی دا و لە یەکەم قۆناغیشدا، نزیکەی 70 هەزار بەڵگە و نامەی بڵاوکردەوە.
باسنیوز
