ویکیلیکس.. هۆکاری لایەنەکان لە گۆڕینی مالیکی” ئاشکرا دەکات
لە بەڵگەنامەیەکدا، کە سەرۆکایەتی هەواڵگریی سعودیە، کە لە رێکەوتی 3ـی حوزەیرانی 2012 بۆ شای سعودیە و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی ناردووە، لە باسی گۆڕینی نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، پێیوابووە رکابەرەکانی مالیکی، کەوتوونەتە نێو هەڵەوە و ناتوانن داوای گۆڕینی بکەن، چونکە مالیکی لاوازیی و هەڵەکانی بەرامبەرەکانی بەکارهێناوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی، مالیکی ئەو هەڵانەی رکابەرەکانی بە دۆکیومێنت کردووە و بەهۆیانەوە هەڕەشەیان لێدەکات.
لە هەمان نامەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە پەیوەندییەکانی بەرێز(مەسعود بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق زۆر ئاڵۆزن.
لە نامەیەکی دیکەی دەزگای هەواڵگریی سعودیە دا هاتووە، کە لیستی عێراقییە پێیوابووە بارزانی رکابەرێکی بەهێزی نووری مالیکییە و دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت، بەرامبەر کەمێک دەستبەرداربوون لە داواکانیان لە کەرکووک، دیالە و موسڵ ، کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی، بەشێک لە ئەندامانی لیستەکە پێیانوابێ لیستەکە چووەتە باوەشی کوردەکان و بەهۆیەوە لە لیستەکە دەربچن.
رۆژی هەینی 19ـی حوزەیرانی 2015، ماڵپەڕی ویکیلیکس، بڕیاری بڵاوکردنەوەی نزیکەی 500 هەزار دۆکیومێنت و نامەی نهێنیی دەزگای هەواڵگریی سعودیەی دا و لە یەکەم قۆناغیشدا، نزیکەی 70 هەزار بەڵگە و نامەی بڵاوکردەوە.
باسنیوز
