داعش لەبێجی پێشڕەوی دەکات
بەگوێرەی زانیارییەکان داعش لەقۆڵی رۆژئاوای قەزای بێجی هێرشی کردووەتە سەر هێزە عێراقییەکان و توانیویەتی دەست بەسەر تەلجەڕاد لە رۆژئاوای بێجیدا بگرێت، لەهێرشەکەشدا بۆ سەر ئەو ناوچەیە 5 چەکداری پۆلیسی فیدڕاڵی کوژراون، کە یەکێکیان پلەکەی موقەدەمە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی، کە لە قەزای بێجیەوە دەگەن، ژمارەیەک لەچەکدارانی داعش دزەیان کردووەتە ناو گەڕەکەکانی عەسکەری و عەسڕی، کە دەکەونە رۆژئاوای شارەکە، هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن، کەشەڕ گەیشتووتە ناوجەرگەی بێجی و مزگەوتی فەتاح، کە دەکەوێتە خوارووی شارەکە.
شارۆچكەی بێجی دەكەوێتە باكووری پارێزگای سەلاحەددین لەناوەڕاستی عێراق و پاڵاوگەی بێجیش دەکەوێتە نزیکی ئەو قەزایە، كە ماوەی رابردوو چەند جارێک چەکدارانی داعش توانیان دەست بەسەر چەند بەشێکی دابگرن، بەڵام دواتر هێزە عێراقییەکان و بەتایبەتی حەشدی شەعبی توانیان داعش لەو شوێنە دەربکەن، بەڵام هێشتا نەتوانراوە زامنی پاراستنی ناوچەکە بکرێت و هێشتا مەترسی لەسەر پاڵاوگەکە و قەزاکە هەر ماوە.
رووداو
