بەغدا ئەنجامی تاقیكردنەوەی زیاتر لە شەش هەزار قوتابیی كەركووكی هەڵوەشاندەوە

 بەغدا ئەنجامی تاقیكردنەوەی زیاتر لە شەش هەزار قوتابیی كەركووكی هەڵوەشاندەوە
وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بە بڕیارێك ئەنجامی تاقیكردنەوە دەرەكییەكانی پۆلی سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بە بیانووی بوونی قۆپییە كە زۆربەی نمرەكان لەسەدا سەدن، سەرۆكی لیژنەی پەروەردەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش دەڵێت، بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردە ناحەقیێكی زۆری تێدایە.

(پەروین محەممەد) سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەموو هەوڵێكمان داوە بە مەبەستی چاككردنەوەی ئەو بڕیارە و سزادانی تەنیا ئەو كەسانەی كە نمرەكانیان سەدە و گومان لە ئەنجامەكانیان هەیە، بەڵام وەزارەت وەڵامی نووسراوی ئەنجوومەنی پارێزگایشی نەداوەتەوە و دواجار بڕیاری خۆی دا و سەرجەم ئەنجامەكانی قوتابیانی هەڵوەشاندەوە كە زیاترلە ٦هەزار قوتابی لە تاقیكردنەوە دەرەكییەكاندا بەشدار بوون".

سەرۆكی لیژنەی پەروەردەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەوەیشی گوت: "زۆربەی ئەوانەی تاقیكردنەوەی دەرەكییان ئەنجام داوە، پێشمەرگە و پۆلیسن".
(پەروین محەممەد) دەشڵێت، بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردە ناحەقیێكی زۆری تێدایە و، دەبووایە تەنیا ئەوانەی بگرتایەتەوە كە گومان لە نمرەكانیان دەكرێت.
Top