ساڵح موسلیم و عەبادی بەنھێنی کۆ دەبنەوە

 ساڵح موسلیم و عەبادی بەنھێنی کۆ دەبنەوە
ساڵح موسلیم و حەیدەر عەبادی بەنھێنی کۆ دەبنەوە و لەسەر ھەماھەنگیی نێوانیان و ھاوکاریی ڕژێمی سووریا ڕێک دەکەون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بەغدای پایتەختی عێراقەوە ، ڕۆژی 11-6-2015، ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (PYD)، لەگەڵ دوو سەرکردەی ھاوەڵی، گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قاھیرە لە میسڕ. ھەر ھەمان ڕۆژیش، نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە باڵوێزخانەی عێراقی لە میسڕ کردووە، کە (ڤیزای بەپەلە) بدەن بەو سێ کەسە و دوای وەرگرتنی ڤیزاکە، لە ھەمان ڕۆژ گەیشتوونەتە بەغدا.

سەرچاوەکە گوتیشی: ”کاتێک ساڵح موسلیم و ھاوڕێکانی گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، لەلایەن تیمێکی تایبەتیی تەشریفاتی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێشوازی کراون و گەیەندراونەتە ناوچەی سەوز. دوای گەیشتنیان، بەنھێنی لەگەڵ عەبادی کۆ بوونەتەوە، ھەروەھا لە ھەمان ناوچەدا چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەشیان لەگەڵ چەند گرووپێکی دیکەی سەر بە حکوومەتەکەی عەبادی، ئەنجام داوە”.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، لەو کۆبوونەوانەدا ھەردوولا باسیان لە چەند تەوەرێکی گرنگ کردووە. گرنگترینیان، بەھێزترکردنی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی عێراقی و PYD، عەبادی بەڵێنی داوە ھاوکاریی PYD بکات و لە یەرامبەردا PYD ھاوکاریی ڕژێمی سووریا بکات و لە داھاتووی گۆڕانکارییە سەربازییەکانی سنووری نێوان سووریا و عێراقدا، ئەگەر پەیەدە توانی ھەندێ لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا بەباشی کۆنترۆڵ بکات و لە دیوی عێراقیشەوە ھێزەکانی حەشدی شەعبی توانییان بگەن بەو سنوورانەی پەیەدە، لای خۆیەوە پەیەد ھاوکارییەکانی حکوومەتی عێراق بگەیەنێتە رژێمی ئەسەد، ھەروەھا ھەردوولاش ھاوڕا بوون لەسەر ئەوەی، کە لەمەودوا فشارێکی زۆر بخەنە سەر ھەرێمی کوردستان، چ لە ڕووی سیاسی بێت، یان ڕاگەیاندن، تاوەکو سەرکردایەتیی ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر حکوومەتی عێراق و پەیەدەدا، نەرمی بنوێنێ.

لەمبارەیەوە نوری بریمۆ، ئەندامی سەرکردایەتی و نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا لە ھەرێمی کوردستان بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، کە ھەماھەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتەکەی عەبادی و پەیەدە و ڕژێمی سووریا ھیچ شاراوە نییە، بەڵکو بەئاشکرا ھاوکاریی یەکتری دەکەن و گوتی: ”چوونی ساڵح موسلیم بۆ لای عەبادی، شتێکی چاوەڕوانکراوە و ئەوەش بۆ قسەکردن بووە لەسەر ئەو ئەجێندایانەی کە ھەردوولا مەبەستیانە، لە ئاست ھەرێمی کوردستان و خەڵکی سڤیلی ڕۆژئاوای کوردستان و لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی سووریا و دەستکەوتەکانی خۆیاندا، جێبەجێی بکەن“.

بریمۆ، ھێمای بۆ ئەوەش کرد، کە پەیەدە ئێستا بووەتە بەرداشی نێوان عێراق و سووریا، ئەم دوو لایەنەش کە دژی بەرژەوەندییەکانی کورد و کوردستانن، بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری دەھێنن.

بەڵام شێرزاد ئێزیدی، سەرکردەی نزیک لە پەیەدە لە ھەرێمی کوردستان، بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، ھەموو ئەو قسانە تۆمەتی (YNKS)ن، ھەر لەبەرئەوەش وەڵام نادەنەوە.





























باس
Top