بەغدا بە رێككەوتنەكەوە پابەند نەبووە.. كاتی ئەوەیە هەرێم بژاردەی دیكە بەكار بهێنێت
(مەسعوود حەیدەر) ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەغدا ئەم مانگەیش پابەند نەبووە بە رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، بۆیە كاتی ئەوەیە كە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ بەغدا بكرێت و ئەگەر ئەوەیش نەكرا، ئەو كات هەرێم بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەوتی خۆی بفرۆشێت".
(حەیدەر) گوتیشی: "ئێمە لە ماوەی رابردوودا وەكو نوێنەرانی كورد لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا كۆ بوووینەوە و بەیاننامەیەكمان دەركرد و بە فەرمی ئاڕاستەی حكوومەتی عێراقمان كرد، كە بەپێی یاسا پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجە دیاری بكرێت كە ترلیۆنێك و ٢٠٠ ملیار دینارە".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەیشی دا: "ئەگەر ئەو كارە نەكەن، حكوومەتی هەرێم داوای رێككەوتنێكی نوێ دەكات لەگەڵ بەغدا، چونكە ناكرێت قوتی پێنج ملیۆن كەس ببڕدرێت كە بەشێكین لە عێراق و ژیان بەم شێوەیە بەرێوە ناچێت، ئەگەر هەر رێككەوتن نەكرا پەنا دەبردرێتە بەر بڕگەی سێ لە ماددەی ١١ـی پڕۆژەیاسای بوودجە و یاسای ژمارە پێنجی ساڵی ٢٠١٣ـی پەرلەمانی كوردستان، كە رێگا بە هەرێم دەدات خۆی میكانیزم بۆ بەدەستخستنی بودجە دابنێت".
(مەسعوود حەیدەر) ڕوونیشی كردەوە، یەكێك لەو بژاردانەی كە لە بەردەم هەرێمدایە، فرۆشتنی نەوتە بە شێوەیەكی سەربەخۆ.
