١٦ چەکداری داعش لە سەڵاحەدین کوژران
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی بەرگری عێراق ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکە عێراقییەکا بۆردومانی چەکدارانی داعشیان کردووە لە کێڵگەی نەوتی عەجیل لە پارێزگای سەڵاحەدین و دوو ئۆتۆمبێلیان تێکشکاندوون، لە ئاکامی بۆردومانەکەشدا ١٦ چەکداری داعش کوژراون.
هاوکات ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، سوپاى عێراق بە پاڵپشتى هێزى ئاسمانى هاوپەیمانان هێڵی پێشەوەى قەزاى بێجی و پاڵاوگەکەیان تێکشکاندووە و کۆنتڕۆڵکردنەوەى قەزاکەش بە تەواوەتى نزیکە.
ستیڤن وارن، وتەبێژى پنتاگۆن ڕایگەیاند، تا ئیستا پنتاگۆن ناتوانێ کۆنتڕۆڵکردنەوەى قەزاى بێجی و پاڵاوگەکەى ڕابگەیەنێت کە گەورەترین پاڵاوگەیە لە عێراقدا.
نزیکەی مانگێکە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانى داعش و سوپاى عێراق لە قەزاى بێجی و پاڵاوگەکەى بەردەوامە، هەرچەندە یەکشەممەى ڕابردوو وەزارەتى بەرگرى عێراق کۆنتڕۆڵکردنەوەى تەواوى قەزاى بێجی ڕاگەیاند بەڵام سەرچاوەکان ئەو هەواڵە ڕەتدەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن تا ئێستاش شەڕ بەردەوامە.
