فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە روومادیە کوژرا

فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە روومادیە کوژرا
فەرماندەیەکی دیکەی سەربازیی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری روومادی لە پاڕێزگای ئەنبار کوژراوە و میدیاکانی ئێران باس لەوە دەکەن کە ئەو فەرماندە سەربازییە بە دەستی داعش کوژراوە.

هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئێران باسیان لەوە کردووە کە “سەید جاسم نووری” کە فەرماندەی سەربازی سوپای قودس بووە و لە چەندین شەڕی سووریا و عیراقدا بەشداریی کردووە بە دەستی داعش لە شاری رومادییە کوژراوە.

ئەوە سێیەمین فەرماندەی سەربازی ئێرانە کە لە شەڕی دژی داعشدا لە عێراق دەکوژرێت و “سەید رەزا حوسێنی و حەمید تەقەوی” ناوی ئەو دوو فەرماندە کوژراوەی دیکەی ئێران لە عێراقن.

سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە شێوەی نافەرمی و رانەگەیەندراو لە شەڕەکانی دژی داعش لە عێراق بەشداریی کردووە، هەرچەندە بەرپرسانی ئەو حکوومەتە دەڵێن هێزەکانی ئیران تەنیا بۆ راوێژی سەربازی و پاراستنی ناوەندە ئایینییەکان لە عێراقن.

بەشداریی ئێران لە شەڕەکاندا لە حاڵێک دایە کە وڵاتانی رۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریکا لەبوونی ئێران لە عێراق نیگەرانن و بە بەردەوامی باسیشیان لەو نیگەرانیەی خۆیان کردووە.

ئەو وڵاتانە دەڵێن کە ئێران یارمەتی بە دروست‌کردنی حەشدی شەعبی لە عێراق داوە و ئەو گرووپەش هەتا ئێستا چەندین کەسی بێتاوان بە تایبەت سوننەکانی کوشتووە.









باسنيوز
Top