ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەنبار دەستیپێکرد
دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە کۆنترۆڵکردنی شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش)، فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەنباری راگەیاند.
بە گوێرەی میدیاکانی نزیک لە حکومەتی عێراقی، هێزە هاوبەشەکان ئەمڕۆ سێشەممە 26/5/2015 ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی سنوورەکانی پارێزگای ئەنبار و شارۆچکەی بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینیان راگەیاندووە.
دوای سێ رۆژ لە شەڕ و پێکدادان، چەکدارانی رێکخراوی داعش لە 15/5/2015 شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنباریان کۆنترۆڵکرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقەوە بە رووداو گەیشتوون، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 20 هەزار چەکداری حەشدی شەعبی و 15 هەزار چەکداری هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەشدارن.
رووداو
