ئەمریکا هەزار چەکی دژەتانک رادەستی هێزە عێراقییەکان دەکات
بەرپرسێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند" چەکدارانی داعش بۆ دەستگرتن بەسەر شاری روومادی نزیکەی 30 کردەی خۆکوژییان لە رێگەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوشێوەی بارهەڵگرن بەرامبەر بەهێزە عێراقییەکان ئەنجامداوە".
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە نەیویست ناوی بهێندرێت، گوتیشی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریداوە هەزار چەکی سەربازی لە جۆری دژە تانک بۆ هێزە عێراقییەکان رەوانە بکات".
ئاماژەی بەوەشدا، لەکاتی سەردانەکەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا لە مانگی نیسانی رابردوودا، ئەمریکا بەڵێنی بە عەبادی داوە ئەو چەکانە رادەستی هێزە عێراقییەکان بکات، بڕیاریشە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا بگاتە دەستی هێزە عێراقییەکان.
چەکدارانی داعش لە 15 ی ئایاری 2015، لە رێگەی حەوت کردەی خۆکوژی توانیان شکست بە هێزە عێراقییەکان بهێنن و سەنتەری شارەکە کۆنتڕۆڵبکەن، لە 17 ی ئایاریشدا، چەکدارانی داعش بارەگای سەرەکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباریان دوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کۆنتڕۆڵکرد.
رووداو
