جۆن کێری: دانەمەزراوەیی سوپا و هێزەکانی ئاسایشی عێراق، هۆکاری کەوتنی ڕەمادییە

 جۆن کێری: دانەمەزراوەیی سوپا و هێزەکانی ئاسایشی عێراق، هۆکاری کەوتنی ڕەمادییە
(جۆن کێری) وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە ئێستا لە گەشتێکیدایە لە کۆریای باشوور، لەوێ بۆ میدیا جیهانییەکان گوتوویەتی سەرباری پێشڕەوییەکانی داعش، بەڵام متمانەی تەواوم بە شەڕکردن لە دژی تیرۆریستانی داعش هەیە، رەمادی هەم ئامانج و، هەم دەرفەتیش بووە کە گرووپە تیرۆریستەکەی داعش سوودی لێ بینیوە.

ئەو لێدوانەی کێری لە کاتێکدا بووە کە دوێنێ میدیا ناوخۆیی و دەرەکییەکان ڕایانگەیاند کە عێراق رەمادی لە دەست داوە و، ئێستا لەژێر داگیرکاریی داعشدایە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئەی‌بی‌سی نیوز)، هەروەها (کێری) ئەوەیشی دووپات کردووەتەوە کە، شەڕی دژی گرووپەکەی داعش شەڕێکی درێژخایەنە و، ئێستا کە ڕەمادییش کەوتووەتە دەستی داعشەوە شەڕەکە سەختتر بووە، هۆکارەکەیشی بۆ دانەمەزراوەیی سوپا و، هێزەکانی ئاسایشی عێراق گەڕاندووەتەوە.
شیاوی باسکردنە، بەپێی ڕاپۆرتەکە تەنها ڕۆژێک لە دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی هێرشەکەی هێزێکی تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا، داعش ڕەمادی داگیر کردووە.
میدیا جیهانییەکانیش باسی ڕاکردن و، جێهێشتنی دەسەڵاتدارانی پارێزگاکە دەکەن بۆ بەغدا و ناوچەکانی تر، لەو بارەیەوە (موهەننەد هایمور) بە نیویۆرک تایمزی ئەمەریکایی ڕاگەیاندووە کە، زیاتر لە (٥٠٠) کەسی سیڤیل کوژراون کە منداڵی سێ ساڵەیشیان لە ناودایە، هەروەها ئەوەیشی پێگوتبوون کە لە ناوچەکەیاندا ڕاپۆرتیان هەیە کە هێزەکانی ئاسایشی عێراقی لە شارەکە ڕایانکردووە.
Top