وەزیری دەرەوەی عێراق داوایەک لە پزیشكانی بێ سنوور دەكات
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فابیۆ فۆرجیۆن، سەرۆكی نێردەی رێكخراوی پزیشكانی بێ سنوور و شاندی یاوەری، ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، کە "وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئامادەیە هاوكاری تەواو لەگەڵ رێكخراوی پزیشكانی بێ سنوورو لایەنە پەیوەندیدارەكان بكات بۆ ئاسانكردنی هاتنی رێكخراوەكان و هاوكاریكردنی خێزانە ئاوارە عێراقییەكان".
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئیبراهیم جەعفەری لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر گرنگی كاركردن لەو ناوچانە كردەوە، كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كۆنترۆڵ دەكرێنەوە و پێشتر لەبەردەست داعشدابوونە، سەرەڕای پێشكەشكردنی هاوكاری پزیشكی بۆ خێزانە ئاوارەكان و ئەو ناوچانەی باوەشیان بۆ كردوونەتەوە لە پێناو رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكان و پاراستنی ژینگەی ناوچەكان".
هەر بەپێی بەیاننامەكە، فۆرجیۆن گوتویەتی: "رێكخراوی پزیشكانی بێ سنوور هەموو هەوڵێكی دەخاتە گەڕ لە پێناو دابینكردنی پێداویستی و چاودێری پزیشكی بۆ خێزانە ئاوارەكان، هاوكات تیمەكانی رێكخراوەكەش لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بەدوادچوونی تەواو بۆ رەوشی ئاوارەكان دەكەن".
لە چەند رۆژی رابردوو هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بە پاڵپشتیی هێزی میلیشیا شیعە خۆبەخشەکان، ژمارەیەك ناوچەیان لە سنووری پارێزگای دیالەو موسڵ كۆنترۆڵكردووەتەوە، كە پێشتر لەبەردەست داعش دابوون.
رووداو
