وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بە بەغدای گوت: زیاتر یارمەتی پێشمەرگە دەدەین

 وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بە بەغدای گوت: زیاتر یارمەتی پێشمەرگە دەدەین
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بە بەغدای گوتووە، فۆكۆسی هاوكارییەكانیان لەسەر باشووری كوردستان دەبێت . هەروەها گوتوویەتی " ئێمە رێزیكی گەورەمان بۆ پێشمەرگە هەیە ، چونكە لەجیاتی ئێمەش شەڕی تێرۆر دەكەن".

دوای ئەوەی رۆژی 11/1/2015 بە رێگەی عومانی پایتەختی ئوردن گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق . ئورسولا ڤۆن دێر لەین، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق دكتۆر فوئاد مەعسوم، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەلیم جبوری و سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق ، بابەکر زێباری ۆبووەوە.

بەپێی زانیاریەكانی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا، كە لەسەر زاری وەزیری بەرگری بڵاوكراونەتەوە، وەزیرەكەی ئەڵمانیا بە بەغدای راگەیاندووە كە زۆربەی هاوكارییەكانیان بۆ پێشمەرگە دەبێت و دەڵێت:"بۆ من گرنگ بوو لە بەغدا روونیبكەمەوە كە ئەڵمانیا لە هاوكارییەكانیدا لە شەڕ بەرامبەر ئەو بەناو دەوڵەتە ئیسلامییە ، فۆكۆسی ئەڵمانیا لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت".

لەبارەی پێشمەرگەوە ئورسۆلا ڤۆن دێر لەین گوتی:"ئێمە رێزێكی گەورەمان بۆ پێشمەرگە هەیە، چونكە ئەوان نە تەنیا بۆ وڵاتەكەیان ، بەڵكو بۆ هەموومان رووبەڕووی داعش دەبنەوە".

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا هەروەها دەڵێت :" ئەوە بۆ من مژارێكی زۆر تایبەتییە كە درێژە بە هاوكارییەكانمان بدەین و، بۆ پڕ چەككردن و مەشقپێكردنی پێشمەرگە لەگەڵ سەرۆك بارزانی قسە بكەم".

لەبارەی رووداوەكانی پاریسیش ، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گوتی:"لە پاریس تاوەكو بەغدا و هەولێر، تیرۆر سەرتاسەرییە و جەنگی دژی تیرۆر هەموومان بە یەكدەگەیێنێت. تیرۆر نە وڵات، نە ئایین، نە دەموچاو ناناسێت".






رووداو
Top