بەرپرسێکی باڵای بەعس سەکتە لێی دا و مرد

 بەرپرسێکی باڵای بەعس سەکتە لێی دا و مرد
گەورە بەرپرسی پێشووی حزبی بەعس و پارێزگاری پێشووتری میسان، لەسەر دەمی بەعسدا لەنێو زیندان بە سەکتەی مێشک مرد.

ئاژانسە هەواڵییەکانی عێراق و هەندێک سایتی نزیک لە لایەنگرانی رژێمی پێشووی بەعس، ئەمڕۆ شەممە 10-ی کانونی دووەم بڵاویانکردەووە لە بەندیخانەی ناسریە ( مەحموود فەوزی هەزاع) بەرپرسی رێکخستنەکانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوەی عێراق و پارێزگاری پێشووتری میسان بە هۆی سەکتەی مێشک مرد.
(هەزاع) یەکێک بووە لە بەرپرسە باڵاکانی حزبی بەعس و تاوانی جۆراوجۆری لە دژی خەڵکی عێراق ئەنجامداوە بە تایبەتی بۆدامڕکاندنەوەی راپەرینی بەهاری ساڵی 1991 لە دژی شیعە و کورد.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایان کردوە دوای گیان لە دەستدانی تەرمی ناوبراو دراوەتە پزیشکی دادوەری شارەکە و تەرمەکەی هەر لە نەخۆشخانەیە.
(مەحموود فەوزی هەزاع) لە ساڵی 1947 لە دایکبووە و، دەرچووی کۆلیژی سەربازی بووە و چەندین پۆستی لە نێو بەعسدا هەبووە، هەروا فەرماندەی سوپا بووە و پاشانیش بۆتە پارێزگاری میسان و بەسڕە و کەرکووک.
پێش رووخانی بەعس (هەزاع ) بۆتە بەرپرسی رێکخستنەکانی ئەو حزبە لە ناوەراست و باشووری عێراق، لە ساڵی 2003 بەهۆی ئەوەی ناوی لە لیستی 55 داواکراوەکە بوو، لە لایەن ئەمریکیەکان دەستگیرکرا و پاشان بە بڕیاری دادگا خرایە زیندانەوە.
Top