بەغدا یاسایەک بۆ مووچەخۆرانی ژێر دەسەڵاتی داعش پەسەنددەکات

 بەغدا یاسایەک بۆ مووچەخۆرانی ژێر دەسەڵاتی داعش پەسەنددەکات
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە یەكەم كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا لە ساڵی 2015، یاسای خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی لە ناوچەكانی بندەستی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پەسەند كرد.

ئەمیندراێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راسپاردەكانی لیژنەی تایبەتی بە دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی نیشتەجێی ناوچە گەرمەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵ، پەسەندكرد".

بەپێی ئەو بڕیارە، حكومەتی عێراق درێژە بە سیاسەتی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەدات لە ناوچەكانی بندەستی گرووپی داعش لە باكوور و رۆژئاوای عێراق.

ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەكاتێكدایە، حكومەتی عێراق لە دوای نزیكەی دوو مانگ لە كەوتنی شاری موسڵ، مووچەی فەرمانبەرانی لەو شارە خەرجكرد و فەرمانبەرانی ئەو ناوچانە بەرێگەی نووسینگەكانی حەواڵەكردنی پارە لە موسڵ مووچەكانیان وەردەگرن.







رووداو
Top