2100 ئەمریکایی مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن..1300 سەربازی دیکەش دێن
بەگوێرەی هەواڵێکی mintpressnews کە تایبەت بە جەنگی ئەمریکا لە دژی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سوریادا بڵاوی کردووەتەوە،" 2100 سەربازی ئەمریکایی لە عێراق و هەرێم هەن و؛ دەستدەکەن بە مەشق و راهێنانکردن بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق. هەروا لەمساڵیشدا ژمارەی سەربازانی ئەمریکا زیادەکرین بۆ 3400 سەرباز کە بەم نزیکانە رەوانەی هەرێم و عێراق دەکرێن".
هەروا ماڵپەڕەکە نووسیویەتی کە، خەرجی رۆژانەی ئەمریکا بۆ جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سوریادا بەتایبەت لە وەشاندنی گورزی ئاسمانی، 8 ملیۆن دۆلارە.
Mintpressnews ئاماژەیشی بە قوربانیانی ئەمریکا لەکاتی ئازادکردنی عیراق تا 2011 کردووە کە 4500 سەربازی ئەمریکایی لە عێراق کوژراون و؛ هەروا تێچووی ئەو جەنگەیشی بۆ ئەمریکا لە عێراق بە 80 ملیار دۆلار ناو بردووە کە، لە 2003-دا گورزی لە رژێمی پێشووی عێراق وەشاند، هاوکات زیاتر لە 170 هەزار سەربازی ئەمریکایی لە عێراق بوون و دواتر لە 2011 عێراقیان جێهێشت و گەڕانەوە ئەمریکا.
