سبەی رەشنوسی كۆتایی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق رەوانەی پەرلەمان دەكرێ

سبەی رەشنوسی كۆتایی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق رەوانەی پەرلەمان دەكرێ
سامان عەبدوڵا وەزیری دەوڵەت لە حكومەتی عێراق رایگەیاند، سبەی یەكشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوەو چاوڕوان دەكرێ رەشنوسی كۆتایی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق پەسەند بكرێت و پاشان رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكرێت.
راشیگەیاند، وەزارەتی دارایی كارێكی زۆری كردووە بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنان لە پرۆژەكە لە 40 ملیار دۆلارەوە بۆ نزیكەی 30 ملیار دۆلار، ئەمەش هانی عێراق دەكات مشورێك لەو كورتهێنانە لە بودجە بخوات.
ئەحمەد رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمان عێراق رایگەیاند، ئەگەر لەم هەفتەیە پرۆژە یاساكە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران چاوەڕوان دەكرێ بەر لە كۆتایی ئەم مانگە لەلایەن پەرلەمانەوە بێتە پەسەند كردن.
هەروەها گوتی، پێم وایە ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ پێشتر كەمتر لەپەسەندكردنی پرۆژە یاساكە دوچاری كێشە دەبینەوە، چونكە تارادەیەكی زۆر كۆدەنگی لایەنەكانی لەسەرە لە قۆناغی ئامادەكردن و هەروەها پەسەندكردنی لە پەرلەمانیش.
Top