لیژنەیەكی نوێ بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 پێكدەهێنرێت
بێستون عادل، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە میانی سەردانەكەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ شاری كەركووك، داوامانكرد ئەو ماددە دستوورییانەی تاوەكو ئێستا ماونەتەوە پێویستە كاریان لەسەربكرێت و جێبەجێبكرێن".
بێستون عادل گوتیشی: "سەرۆكی پەرلەمانیش پێشنیازی پێكهێنانی لێژنەیەكی نوێیكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم مادەی 140، بۆ بەدواداچوونی كارەكانی لیژنەی پێشووتر و هۆكارەكانی وەستانی كاری لیژنەكەو ئەو پارانەی بۆی تەرخانكراوەو خەرجكراوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بخرێنەوە بواری جێبەجێكردنەوە، دوای كۆتاییهاتنی پشوی پەرلەمانیش لیژنەیەكی كاتی لەو كەسانە پێكدەهێنرێت، كە دانیشتوی ئەو ناوچانەن كە مادەی 140 دەیانگرێتەوە".
لە میانی سەردانەكەی بۆ شاری كەركووك، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دووپاتیكردەوە، کە مادەی 140 ماددەیەكی دستوورییە، بەڵام دەبێ لیژنەیەك پێكبهێنین بۆ ئەوەی كار لەسەر بەندەكانی مادەكە بكات.
عالیە نوسەییف جاسم، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لەبەغدا لەمبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو ماوەیەی لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراق بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 دیاریكرابوو دەمێكە بەسەرچووە، ئێستاش كەركووك بەدەست كوردەوەیە و گۆڕانی دیموگرافی زۆریش لە ناوچەكە كراوە، بۆیە پێموایە بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە پێویستە پشت بە ئامارەكانی ساڵی 1957 یان 1977 ببەستین یان هەر ئامارێكی دیكە بتوانین لەسەری رێكبكەوین، هاوكات ناشكرێت پشت بە ئامارەكانی سەردەمی رژێمی پێشو ببەستین، چونكە ئەویش گۆڕانكاری دیموگرافی زۆری لە عێراق ئەنجامداوە".
عالیە نوسەییف گوتیشی: "پێموایە دەبێ چارەسەرە ناوەندەكان وەربگرین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان, بەو پێیەی هەرێمی كوردستان ناوچەی پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانی عێراقە، بۆیە پێموایە دەبێ ئەو لیژنەیە لە خاڵی سفرەوە دەست بەكارەكان بكاتەوەو پشت بە بنەماكانی لیژنەی پێشوو نەبەستێت، هاوكات كەركووك هۆكارێكە بۆ دەستتێوەردانی وڵاتانی هەرێمیی لە ناوچەكەو پێویستە یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی بە رەزامەندی هەموو لایەنە عێراقییەكان بێت".
رووداو
