حکومەتی عێراق رێککەوتنی هەولێر و بەغدای پەسەندکرد

 حکومەتی عێراق رێککەوتنی هەولێر و بەغدای پەسەندکرد
حکومەتی عێراق بە فەرمی رێککەوتنی هەردوو شاندی عێراق و هەرێمی کوردستانی پەسەندکرد.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا رێککەوتنی هەردوو وەفدی عێراق و هەرێمی کوردستانی تایبەت بە بودجەی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی نەوت، پەسەندکرد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە رووداو گەیشتووە، بەغدا رازی بووە 17%ـی بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرێت لە بەرامبەریشدا هەولێر رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان و 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووكیش رادەستی بەغدا بكات.

رۆژی یەكشەممە 30-11-2014 شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی گەیشتە بەغداو هەمان رۆژ لەگەڵ عەبادی كۆبوونەوە. لەماوەی سێ رۆژدا ئەو دوو شاندە چوار كۆبوونەوەیان ئەنجامدا، چونكە پێشتریش ئەندامانی شاندی هەردوولا رایانگەیاندبوو كێشەكان چارەسەر دەبن، بەڵام بە دانیشتنێك و دووان نا.

دوایین کۆبوونەوەی هەردوو شاندی هەولێر و بەغدا بەیانیی ئەمڕۆ بوو، پێش ئەم کۆبوونەوەیە واتە رۆژی دووشەممە 1-12-2014 بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنی سێیه‌می كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ شوێنی مانه‌وه‌ی خۆی له‌ به‌غدا، پێشوازی لە حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.







رووداو
Top