فڕاكسیۆنی پارتی: هیچ كێشەیەك لە دیاریكردنی سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكاندا نییە
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (ئەردەلان نورەددین)، بە kdp.info-ی راگەیاند، لە كۆی 26 لیژنەی هەمیشەیی پەرلەمانی عێراق، پێنج لیژنەی بەر كورد كەوتوون، ئەوانەیش هەر یەكە لە لیژنەكانی نەوت و غاز، خزمەتگوزارییەكان، تەندروستی، هەرێمەكان و خوێندنی باڵان و لەو لیژنانەیش لیژنەی خزمەتگوزاری و تەندروستی بەر پارتیی دیموكراتی كوردستان كەوتوون، لیژنەی نەوت و غاز و خوێندنی باڵا بەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لیژنەی هەرێمەكانیش بەر بزووتنەوەی گۆڕان كەوتووە.
(ئەردەلان) گوتیشی، لە ئێستادا سەرۆكی چوار لیژنە دیاری كراون و تەنیا لیژنەی خزمەتگوزارییەكان ماوە كە سەرۆكەكەی هەڵنەبژێردراوە .
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی زیاتر گوتی، هیچ كێشەیەك لەناو فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لەبارەی سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكانەوە نییە و لە ئێستادا پەرلەمانتار (ڤیان دەخیل حەسون) بۆ سەرۆكی ئەو لیژنەیە دیاری كراوە و چاوەڕوان دەكرێت سبەی هەڵبژێردرێت.
ئاماژەیشی دا كە، ئەو كەسانەی بۆ سەرۆكی لیژنەكان دیاری كراون، كەسانی شارەزا و لێهاتوون لە كارەكانیان.
(نورەددین) راشیگەیاند، ئەو كەسەی بۆ سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان دیاری كراوە كاتییە، تائەو كاتەی دەنگ لەسەر كاندیدی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ سەرۆكی ئەو لیژنەیە دەدرێت و هیچ كێشەیەكیش لەوبارەیەوە نییە، چونكە لیژنەكان بە رێككەوتن دابەش كراون.
