داودئۆغڵو: پشتیوانی حکومەتی عێراق دەکەین دژی داعش

 داودئۆغڵو: پشتیوانی حکومەتی عێراق دەکەین دژی داعش
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرۆكوەزیرانی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هاوكاریی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش راگەیاند. گوتیشی، هەر مەترسییەك لەسەر عێراق دروست بێت، بە هەڕەشە بۆ سەر توركیای دەزانن.

بەرلە نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەركوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئوغڵو) گەییشتە بەغدا و دوای كۆبوونەوەیشی لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ساز دا و تێیدا (داوودئوغڵو) رایگەیاند: "پشتیوانیی حكوومەتی عێراق دەبین بۆ ئاساییش و سەقامگیری لەم وڵاتە. هەر مەترسییەك لە دژی ئێوە دروست بێ دەوڵەتی توركیا دەرگەی خۆی لەسەر پەنابەران دەكاتەوە"، گوتیشی "ئێمە خوازیارین لە سووریا ئارامییەك دروست بێت. ئەگەر ئاشتییەك لە سووریا دروست بێ كاریگەریی دەبێت لەسەر عێراق. بۆیە ئێمە پشتگیری لە ئاساییشی و سەقامگیریی عێراق دەكەین".
سەرۆكوەزیرانی توركیا جەختیشی كردەوە كە "هەر مەترسییەك لەسەر عێراق دروست بێت بە هەڕەشەیەك بۆ سەر توركیای دەزانین و ئەو چالاكیانەی كە داعش لە سووریا و عێراق دەیكەن، ئێمە ئیدانەی دەكەین"، زیاتر گوتی "ئێمە ئامادەین بەیەكەوە لە دژی تیرۆر خەبات بكەین و پشتیوانیتان بكەین."
(داوودئوغڵو) دەربارەی ئەو تۆمەتانەیشی کە دەدرێنە پاڵیان لە هاوكارییان بۆ رێكخراوی داعش گوتی: "كەس ناتوانێ بیسەلمێنی كە ئەوان لە توركیاوە دەربازی سووریا بوون. ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار پەنابەر لە شارەكانی باشووری توركیا هەن و ژمارەیان لە هاووڵاتیانی توركیا لەو ناوچەیە زیاترە. زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلارمان بۆ ئاوارەکانی سووریا خەرج كردووە، ئەوە هەمووی درۆیە؟ ئێمە ئەو شتەمان بۆ ئەورووپاییەكانیش دووبارە كردووەتەوە. ساڵانە نزیك بە 45 ملیۆن وەكو گەشتیار سەردانی توركیا دەكەن. ئێمە بەبێ زانیاریی پێشوەخت ناتوانین پێشی ئەو گەشتیارانە بگرین بەو بیانوانە. نزیك 10 ملیۆن سووریایی بوونە پەنابەر لە جیهان. خەڵكێكی زۆر دەیانەوێت كە ئاژاوەگێڕی بكەن، ئەگەر بەڵگەیەك لەسەر ئەو تۆمەتە لەبەردەست دایە با بیخەنەڕوو".
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق(حەیدەر عەبادی) ڕایگەیاند: "لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش حكوومەتی عێراق خوازیاری هاوكاری و هەماهەنگییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە بوارەكانی ئابووری، سیاسی. پێمان وایە ئەگەر لەو بوارانەدا بتوانین دیالۆگ بكەین، نەك لە ئاستی دەوڵەت بەڵكو وەكو دوو نەتەوەش دەتوانین چارەسەری كێشەكان بكەین. لە بەرژەوەندی عێراقە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ توركیادا هەبێت".
(عەبادی) جەختی كردەوە كە سەردانی وڵاتانی دراوسێی عێراق دەكات و سوپاسی هەموو لایەنێكی كرد كە خوازیاری ئارامین لە عێراق.
پێوەست بە پرسی نەوت لە عێراقیش (عەبادی) رایگەیاند كە، سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاندووە لەسەر ئەو پرسە لە چوارچێوەی یاساكانی نێودەوڵەتی و شەفافانە دەجووڵێینەوە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق لە بارەی دۆسیەی سەریازییش سوپاسی سەرۆكوەزیرانی توركیای كرد كە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هاوكاریی عێراقییەكان لە شەڕی دژ بە داعش.

Top