جەعفەری: دیاریکردنی سنوور لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە قبوڵ ناکەین

 جەعفەری: دیاریکردنی سنوور لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە قبوڵ ناکەین
بەرپرسانی حکومەتی بەغدا هۆشداری دەدەنە کورد کە بیر لەوە نەکاتەوە بەهۆی بۆشایی ئەمنی سنووری خۆی فراوان بکات، ئەگەر نا ئەوا دەبێ بیر لە حیسابێکی تووند بکاتەوە.

ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە لە لێدوانێکدا دەڵێت ناکرێ هەرێـمی کوردستان بەهۆی داعشەوە سنووری خۆی دیاریبکات.

جەعفەری دەڵێت:”ئێمە بەگوێرەی دەستووری عێراق مامەڵە لەگەڵ هەموو مەلەفێک دەکەین و لەوانە کێشەی کەرکووک. بەڵام دۆخێکی ناهەمواری ئەمنی هاتووەتە پێش.

کوردیش نا بێت سنووری خۆی لەو ناوچەیە دیاری بکات بەراستی ئەمە لەگەڵ دەستوور و دیموکراسییەت ناگۆنجێ. ئایە دەستوور دەڵێ ئەگەر بۆشاییەکی ئەمنی دروست بوو، ناکرێ سنوورەکان یەکلاییبکرێن، ئەمە نادەستوورییە و قبووڵ ناکرێ.”

لەلایەکی دیکەوە کەمال کەرکووکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئێستا سەرپەرشتی میحوەرێکی جەنگ دەکات لە نزیک کەرکووک دەڵێ شەڕی داعش و دیاریکردنی سنووری کوردستان ناچارییان کردین لێرەبین، دەڵێت” چی دیکە جگە لە هێزی پێشمەرگە هیچ هیزێکی دیکەی عێراقی بۆی نییە پێی خۆی لەسەر خاکی کوردستان جێگیر بکات.”










رووداو
Top