سیستانی: فەتوای جیهاد سەركردە سەربازییەكانی ئێران ناگرێتەوە

 سیستانی: فەتوای جیهاد سەركردە سەربازییەكانی ئێران ناگرێتەوە
نووسینگەی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعە لە عێراق رایگەیاند فەتوای جیهادی كیفائی، كە مەرجەعی سیستانی بۆ شەڕ لە دژی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) دەركرا سەركردە سەربازییەكانی ئێران ناگرێتەوە.

نووسینگەی عەلی سیستانی لە راگەیێندراوێكدا دەڵێ: "مەرجەعییەتی باڵای نەجەف رەتیدەكاتەوە پێشوازی لە بەشداریكردنی چەند فەرماندەیەكی سەربازی ئێرانی كردبێت لە شەڕی دژی داعش لە عێراق و بە بەشێك لە جیهادی كیفائی ناساندبێت، ئەو هەواڵانەی كە باس لەوە دەكەن بێبنەمان".

نووسینگەی عەلی سیستانی ئاماژەی بەوەكردووە، "پێشتر نوێنەرانی سیستانی لە وتاری نوێژی هەینی لە كەربەلا لە سەر زاری ئەوەوە داوایان لە وڵاتانی جیهان و وڵاتانی دۆستانی عێراق كرد بەشداری لە جەنگی دژی تیرۆر بكەن، هیچ پێشهاتێكی نوێیش لەو بارەوە نەهاتووەتە ئاراوە".

ئەمە لەكاتێكدایە چەند دەزگایەكی راگەیاندن پێشوەخت وێنەی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لەگەڵ چەند سەركردەیەكی سیادی عێراق لە بەرەكانی شەڕ لە دژی داعش بڵاوكردەوە و راشیانگەیاند كە سلێمانی لەلایەن سیستانییەوە پاڵپشتی دەكرێت.











رووداو
Top