نووسینگەی عەبادی: ئەمریكا تێچووی هێرشە ئاسمانییەكان دابیندەكات

 نووسینگەی عەبادی: ئەمریكا تێچووی هێرشە ئاسمانییەكان دابیندەكات
نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێرق رایگەیاند ئەمریكا تێچووی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان و مووچەی راهێنەرە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق دابین دەكات.

سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی عەبادی رایگەیاند: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زۆرتر لە 5 ملیار دۆلاری بۆ دابینكردنی تێچووی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان بۆ سەر چەكدارانی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) و مووچەی راهێنەرە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق دیاریكردووە، حكومەتی عێراقیش هیچ لەو تێچووە لە ئەستۆ ناگرێت.

باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا پێشوەخت رایگەیاند كە داوای لە كۆنگرێسی وڵاتەكەی كردووە رەزامەندی بۆ خەرجكردنی بڕی 5 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بدات بۆ دابینكردنی تێچووی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان و مووچەی راهێنەرە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق دابین بكات.

هاوكات ژمارەی راوێژكار و راهێنەرە سەربازییەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و عێراق تا ئێستا گەیشتووەتە 1600 راوێژكار و راهێنەری سەربازی. چاوەڕوانیش دەكرێ لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەمریكا 1500 راوێژكار و راهێنەری سەربازی دیكە رەوانەی كوردستان و عێراق بكات بۆ پێشكەشكردنی راوێژ و مەشقپێكردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.










رووداو
Top