ئەنبار..هێزێكی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێكهێنرا

 ئەنبار..هێزێكی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێكهێنرا
كچان و ژنانی عێراقی وەك یەكەم رێكخراوی ژنان خۆیان ئامادە دەكەن بۆ چەكهەڵگرتن و شەڕكردن دژی چەكدارەكانی داعش.

هاوشێوەی هێزەكانی ئافرەتی پێشمەرگە، ژنانی ئەنباریش خۆیان ئامادە دەكەن بۆ هەڵگرتنی چەك و شەڕكردن لەگەڵ داعش، كە نزیكەی دوو مانگە شارەكەیان رووبەڕووی هەڕەشەكانی داعش دەبێتەوە.

ژنان و كچانی ئەنبار رێكخراوێكیان پێكهێناوە بە ناوی (كچانی حەق) وەك بەشێك لە چەكدارە خۆبەخشەكان بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعش، ئەوەش یەكەم هێزی ژنانە لە عێراق كە ئەنجوومەنی عەشیرەتەكانی ئەنبار دانی پێداناوە و ئێستا مەشق و راهێنانی سەربازییان پێدەكات و دواتریش دابەشدەكرێن بەسەر ناوچەكانی ئەنبار بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزە ئەمنییەكان و چەكداری عەشیرەتەكان دژی چەكدارانی داعش بجەنگن.

چاودێران دەڵێن نزیكەی 50 ئافرەت ئامادەیی خۆیان نیشانداوە خۆبەخشانە دژی ئەو گوشارە تووندڕەویانەی لەسەر ژیانی ئافرەتان و كوشتنی پیاو و منداڵانیان و كۆچپێكردنیان بۆ پارێزگاكانی دیكە هەیە بجەنگن.

هەرچەندە ئەو رێكخراوە نوێیە رەخنەی لێگیراوە كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی وڵاتدا چەكی هەڵگرتووە، بەڵام بەشێكیش پشتگیرییان كردوون.










رووداو
Top