عەبادی: هەلێکی گەورە بۆ چارەکردنی پرسی نەوت لەگەڵ کوردستان هەیە
عەبادی لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند:
"هۆکارەکانی کێشەی ئابووری ئەمڕۆی عێراق لە زۆربوونی خەرجییەکان و دابەزینی نرخی نەوت لە جیهان خۆیان دەبیننەوە، چونکە عێراق ئێستا لە جەنگێکی راستەقینەدایە لەگەڵ تیرۆر، لەگەڵ ئەوەشدا نابێ ئەو جەنگە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان لە بیرمان بباتەوە".
حەیدەر عەبادی گوتیشی " ئەرکە هەرە لە پێشینەکانی حکومەتی عێراق لەم قۆناغە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی پەرەپێدانی ئابووری و دابینکردنی هەلی کارە بۆ هاووڵاتیان".
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە "هەلێکی گەورە هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەکردنی پرسی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئەگەر سەر بگرێ ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆک وەزیرانی عێراق هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە بە نیازە لە بری پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٤ داتاکانی خەرجییەکانی ئەمساڵی عێراق رەوانەی پەرلەمان بکات بۆ پەسەندکردنی لە بری بودجەی فیدراڵی.
هاوکات ئەگەر حکومەتی عێراق ئەو هەنگاوە بنێ، ئەوا بەڕای چاودێران هەنگاوێکی نوێ دەبێت بە ئاراستەی سووربوونی بەغدا لەسەر خەرجنەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٤ کە بەغدا لە مانگی سێ ٢٠١٤وە نەیناردووە.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی باڵای پارێزگاکانی عێراق کە هەرێمێک پێکناهێنن لە بەغدا کۆبووەوە و پرسی پێدانی بەشي پارەی پترۆدۆلاری پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتییان تاوتوێ کرد، لەکاتێکدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە دوای ئەوەی پەرلەمان بڕیاریدا پارەی پترۆدۆلار لە دۆلارێکەوە بۆ پێنج دۆلار زیاد بکات، حکومەتی عێراق پارەی پترۆدۆلاری بۆ پارێزگاکان خەرجنەکردووە.
رووداو
