جەعفەری لە تورکیا: نەوت تەنها لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندە

 جەعفەری لە تورکیا: نەوت تەنها لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندە
وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا رایگەیاند، کە نەوت تەنها لە دەسەڵاتی ناوەندە و ئەو هەڵەیەی روویداوە خەریكی راستكردنەوەیین.

ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەدوای سەردانەكەی بۆ توركیا، رایگەیاند، " نەوت سامانێكی نیشتمانییە و بەپێی دەستووری عێراق، لە تایبەتمەندییەكانی حكومەتی ناوەندە، دابەشكردنی داهاتی نەوتیش هەمیشە لەسەر بنەمای بڕی نەوتەكە و ژمارەی دانیشتووانی شوێن و ناوچەكان دەبێت".

ئیبراهیم جەعفەری ئاماژەی بەوەشکرد، کە "ئێستا بارودۆخێكی جیاواز هاتووەتە پێش و جۆرێك لە كێشەی دروستكردووە لە مامەڵە، بەڵام ئێمە بەشوێن چارەسەركردنی ئەو كێشەیەوەین، بۆ چارەسەری ئەو كێشەیەش دەگەڕێینەوە بۆ دەستوور".

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەیدا، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی " لەساڵانی رابردوودا 17%ی داهاتی نەوت بۆ برایانی كوردمان تەرخاندەكرا، لە هەرێمی كوردستان، ئەوەی دیكەش بۆ ناوەند، بەڵام دواتر كێشەی تێكەوت و بەو دواییانەش چارەسەری زەحمەت بوو، كە كاریگەری لەسەر بودجە و مووچەی كوردستان دروستكرد، كە دوێنێ شەو ژمارەیەكی زۆر لە وەزیرەكان و حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانیش لە كۆبوونەوەدابوون بۆ چارەسەركردنی و تێپەڕاندنی، هەروەها كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ برایانی كوردمان".









رووداو
Top