لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا تەنیا باس لە پەیڕەوی ناوخۆ دەكرێت
وەزیری دەوڵەت لە حكوومەتی عێراق (سامان عەبدوڵڵا)، بە KDP.info-ی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆ ببێتەوە و كارنامەی كۆبوونەوەكەیش تەنیا هێنابەرباسی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت، كە ئەمەیش كاتێكی زۆری پێویستە، بۆیە تەنیا ئەو بڕگەیە دانراوە.
(سامان عەبدوڵڵا) گوتیشی، "ئێمە وەكو وەزیرە كوردەكان هەوڵ دەدەین باس لە بەشەبودجەی هەرێمی كوردستانیش بكەین، بۆ ئەوەی چارەیەكی بۆ بدۆزرێتەوە".
ئەمەیش لە كاتێكدایە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیران (رافد جبووری)، لە لێداونێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، گفتوگۆ لەبارەی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و تاكو ئێستا حكوومەتی عێراق هیچ هەڵوێستێكی فەرمیی لەو بارەیەوە نییە. بە گوتەی (جبووری)، رەنگە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا باسی ئەو بابەتە بكرێت.
