دوو سەركردەی داعش لە مووسڵ كوژران
عیسمەت رەجەب، بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو دوو سەركردەی رێكخراوی داعش لە مووسڵ كوژراون.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، سەركردە كوژراوەكانی داعش (ئوسامە عەبدولوەهاب ئەلتائی) موفتی داعش و بەرپرسی دادگای ویلایەتی نەینەوا و (ئەبو دوعا ئەلیەمەنی) بەرپرسی دیوانی فێركردنی ئاینی بوون.
لەناو مووسڵەوە سەرچاوەیەك بە رووداوی گوت، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی نۆڤەمبەر لە نزیك گۆڕستانی مەسیحییەكان لەناو شاری مووسڵ، چەند چەكدارێك دەستڕێژی گوللـەیان كردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێكی سەربازی چەكدارانی داعش، كە چوار چەكداری تێدابووەو هەر چواریان كوژراون.
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە ناو شاری مووسڵەوەبە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتوون، چەند رۆژێكە لەناو شاری مووسڵ هێرشدەكرێتە سەر ئۆتۆمبێلی بەرپرسەكانی داعش، بەبێ ئەوەی گروپێكی دیاریكراو بەرپرسایەتی ئەو كارانە بگرێتە ئەستۆ.
رووداو
