عەبادی پێنج جار لەگەڵ سەرۆك هۆزەكان كۆبووەتەوە
رافد جەبووری، گوتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "حكومەتی عێراق بەتووندی پشتیوانی هۆزەكان دەكات لە شەڕی دژی داعشدا و تەنیا لە هەفتەی رابردوودا 5 جار لەگەڵ هۆزەكان كۆبووەتەوە".
جەبووری ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە پشتیوانی هۆزەكان بۆ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت و زیاتریش دەبێت لە داهاتوودا.
ئەو لێدوانانەی بەرپرسی نووسینگەی عەبادی لە كاتێكدایە، ژمارەی كوژراوانی هۆزی ئەلبونەمر لە قەزای هیتی پارێزگای ئەنبار گەیشتووەتە 550 كەس، دواجار چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) سەری 24 كەسی هۆزەكەیان بڕی.
بە گوتەی سەرۆك هۆزەكانی ئەلبونەمر، هێشتا دوو هەندێک خەڵكی سەر بە هۆزەكەیان لەلایەن داعش رفێندراون و بە دووری نازانن، داعش ئەوانیش گوللەباران بكات.
فەهران سەدید، یەكێك لە سەرۆك هۆزەكانی ئەلبونەمر، تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی پارێزگای ئەنباری خستە ئەستۆی حكومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رایگەیاند، "حكومەت بەپیر بانگەوازی ئێمەوە نەهات، تاكو بەشی هەرەزۆری پارێزگاكە كەوتە دەست داعش".
رووداو
