مەرجەعی ئایینیی کەربەلا: هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە داستانی مەزنیان تۆمار کردوون
نوێنەری مەرجەعی ئایینی لە کەربەلا(شێخ عەبدولمەهدی کەربەلایی) ڕایگەیاند، "هێزەکانی حکوومەت و پێشمەرگە و خۆبەخشان کە پشتیوانییان دەکەن، لە چەند ڕۆژی رابردوودا لە بەرەکانی جەنگ و لە چەند ناوچەی جیای وڵاتدا، داستانی قارەمانانەیان تۆمار کردوون، کە هەندێک پێیان وابوو کارێکی سەختە."
(کەربەلایی) زیاتر گوتی، "ئێمە ئەو سەرکەوتنانە بەرز دەنرخێنین و جێی ڕێزە، ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە، هێزەکان بە ئیرادەیەکی نیشتیمانیی پتەو و ورەیەکی بەرز لە بەرگری و قارەمانەتییان بەرەوڕووی داعش دەبنەوە"، جەختیشی کردەوە، "پەلە بکرێ لە بەرفراوانکردنی هەماهەنگی و ڕێکخستنی زیاتر لە نێوان ڕیزەکانی چەکداراندا، هەروەها پلانی سەربازیی زیاتر بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانی دی."
