سوپای ئەمریکا: داعش 2500 ئۆتۆمبیل و چەکی قورسی سوپای عێراقی لایە
ژەنەراڵ لوید ئۆستن، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سەربازی ئەمریکا بە رۆژنامەی وۆرڵد تریبیۆنی ئەمریکی راگەیاند:
"داعش بووەتە خاوەنی توانایەکی سەربازی گەورە، بەڵام چەکدارانی ئەو گروپە بۆ خۆپاراستن لە هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانان بە ئۆتۆمبیلی مەدەنی هاتوچۆ دەکەن، بۆیە توانای کۆکردنەوەی هێز و خێرایی داعش کەمتر بووەتەوە".
جەنەراڵ لوید ئۆستن زۆرتر دەڵێ "سوپای ئەمریکا ناچار بوو بە فڕۆکە جەنگییەکانی تانکی ئەمریکی جۆری (MBT) و زریپۆش و تۆپخانە ئەمریکییەکانی سوپای عێراق کە کەوتووبوونە دەستی داعش لەناوبەرێت".
ئەو فەرماندە سەربازییەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا کە "مەشقپێکردنی سوپای عێراق دووبارە دروستکردنی کارێکی ئاسان نییە، لەودەمەی نزیکەی پێنج فیرقەی سەربازی لە کۆی 12 فیرقەی سوپای عێراق تێکشکاوەو پەرتوبڵاو بووە".
ژەنەراڵ لوید ئۆستن ئاشکراشی کرد کە "هەڵمەتی هاوپەیمانان لە دژی داعش کاتێکی زۆری دەوێ بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێ، دەبێ بیریشمان نەچێ ئەگەری ئەوە هەیە کە ناو بەناو ئەو هەڵمەتە شکست بێنێت".
هاوکات چەند فەرماندەیەکی سوپای ئەمریکا بە رۆژنامەی وۆرڵد تریبیۆنیان راگەیاندووە کە پێشبینی دەکەن "داعش تا ئێستا دەستی بەسەر نزیکەی 2500 ئۆتۆمبێل و چەکی قورسی سوپای عێراق گرتبێ، بۆیە داعش ئێستا خاوەنی توانایەکی سەربازی گەورەیە".
رۆژنامەکە زۆرتر لە زاری ئەو فەرماندانەوە دەڵێت "داعش ئێستا خاوەنی هێزێکی گەورەیە و هێشتا سەرچاوەی مەترسییە بۆ بەغدا".
لەبەرامبەردا جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (بنتاگۆن) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:
"وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ساڵی 2014 بە بەهای 10 ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی بە عێراق بەخشیوە و فرۆشتووە، ئەو چەک و تەقەمەنیانەش بریتین لە مووشەکی تانکی ئابراهامز و پارچە یەدەگی هێلیکۆپتەر و مووشەکی ئاسمان زەمینی هێڵفایەر و ئۆتۆمبیلی هامڤی زریپۆش".
ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی سەرچاوەکانی رووداو لە پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەدین لە عێراق سوپای عێراق و خۆبەخشانی شیعە لە 24 کاژێری رابردوودا شکستیان بە چەند هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر شارەدێی عامرییەی فەللوجە لە نزیکی بەغدا هێناوە و سوپا ئێستا لە پێشرەویدایە بەرەو کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین لە دەستی داعش.
رووداو
