لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: مووچەی كوردستان دوای جەژن یەكلادەبێتەوە

 لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: مووچەی كوردستان دوای جەژن یەكلادەبێتەوە
لیژنەی كاتیی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دۆخی دارایی عێراق زۆر ناهەموارە و ناردنی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی كوردستان دوای جەژن یەكلادەبێتەوە.

ماجیدە تەمیمی، سەرۆكی لیژنەی كاتیی دارایی پەرلەمانی عێراق رايگەیاند: "دۆخی دارایی عێراق زۆر ناهەموارە و بودجەی ٢٠١٤ تووشی كورتهێنانێكی زۆر بووە، هاوكات چاوەڕوان دەكرێ ئەمڕۆ و سبەی وەزارەتی دارایی عێراق دوا راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی دارایی عێراق و بودجەی فیدراڵی ٢٠١٤ پێشكەشی ئەنجوومەنی وەیرانی عێراق بكات".

ماجیدە تەمیمی گوتیشی: "تاوەكو بودجەی فیدراڵی ٢٠١٤ یەكلانەبێتەوەو داهات و خەرجییەكان و یەدەگی عێراق بە وردی دیاری نەكرێ حكومەتی عێراق ناتوانێ مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان خەرج بكات، بۆیە پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی كوردستان دوای پشووی جەژنی قوربان یەكلادەبێتەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە هەرێمی كوردستان. وەك جبووری بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بڕیارە پرسی بەشداریكردنی وەزیرانی كورد لە حكومەتی عێراق و ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەت و پەرلەمانی كوردستان تاوتوێ بكات.

هاوكات حكومەتی عێراق لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٤ مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی كوردستانی نەناردووە، لەو كاتەی بڕیاربوو بەپێی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی عێراق لە دوای دەستبەكاربوونی سەرۆك وەزیران، بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بنێرێ.








رووداو
Top