خۆپێشاندەرانی بەغدا داوای دەستلەكاركێشانەوەی عەبادی دەكەن
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر سەرۆكوەزیرانی پێشوو و جێگری سەرۆككۆماری ئێستا (نووری مالیكی) ئاماژەی بە ئەنجامدانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی دژ بە كابینە نوێكەی (عەبادی) دابوو و یەكشەممەی رابردوویش لە بابل بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، لە ئێستادا پێویستییەك بۆ خۆپێشاندان نابینێ، بەڵام دەشڵێ، خۆپێشاندان بە لەبەرچاوگرتنی بنەماكانی دیموكراتی، ئاساییە.
چاودێران دەڵێن، ئەم خۆپێشاندانەی ئەمڕۆی بەغدا كە وەك (مالیكی) پێشتر ئاماژەی بە سازدانی دابوو، ئاماژەی ڕوونن لە سەرهەڵدانی گرژییەكانی نێوان (عەبادی) و (مالیكی)، ئەمەیش پاش هەڵوەشاندنەوەی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقە لە لایەن (عەبادی)-یەوە، كە وەك بریت بۆ دامەزراوە فەرمییە سەربازییەكان لە ساڵی 2006-ەوە پێكی هێنا بوو و ئەو كەسانەیشی لێ دامەزراندبوون كە لێیەوە نزیك بوون و ملكەچی فەرمانەكان بوون.
سەرچاوەكانی هەواڵ هاوكات باس لە هەبوونی بابەتێكی دی دەكەن كە بووە بە هۆی كێشەیەكی دیكەی نێوان (عەبادی) و (مالیكی)، ئەمەیش پاش بڕیارێكی دیكەی سەرۆكوەزیرانی نوێیە بە دوورخستنەوەی (ئەحمەد)-ی كوڕی (مالیكی) لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی فیدڕاڵ.
سەرچاەكانی هەواڵ ئەم بڕیاری دووورخستنەوەیەی (ئەحمەد مالیكی) بۆ هەبوونی شانەیەكی گەندەڵی دەگێڕنەوە كە زۆرترین پڕۆژە و تەندەری گەورەی دەوڵەتیان لە ڕێی بەرتیلەوە داون بە ژمارەیەك بازرگان كە دەستیان لەگەڵ (ئەحمەد مالیكی)-دا تێكەڵ كردووە.
