سبەی ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكات.. پێشبینیی ناردنی مووچەی فەرمانبەران دەكرێت

 سبەی ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەكات.. پێشبینیی ناردنی مووچەی فەرمانبەران دەكرێت
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی وەزیران كۆ ببێتەوە و لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2014 گفتوگۆ بكات، دواتریش بۆ پەسندكردنی رەوانەی پەرلەمان بكرێت. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، پێشبینی دەكرێ مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێت.

ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق (نەجیبە نەجیب)، بە kdp.info-ی راگەیاند، ماوەیەك پێش ئێستا پڕۆژەیاسای بودجەیان بۆ حكوومەت گەڕاندەوە، بۆ ئەوەی گۆڕانكاریی تێدا بكرێت و لەلایەن وەزارەتی داراییش تەواو بووە و بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ئاساییی خۆیدا بڕیاری لەسەر بدات و بە مەبەستی پەسەندكردنی، بۆ پەرلەمانی بگەڕێنێتەوە.
(نەجیبە) گوتیشی، "ئێمە وەكو فڕاكسیۆنە كوردییەكان نووسراوێكی فەرمیمان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، بۆ ئەوەی ئەو بڕگەیەی كە بۆ سزای هەرێمی كوردستان لە بودجە دانراوە، لاببرێت".
زیاتر گوتی، تاوەكو ئێستا بڕیاری ناردنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم نەدراوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە كۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری لەبارەوە بدرێت و پێش جەژن مووچەی فەرمانبەران رەوانە بكرێت.
Top